كاركردنی ئافره‌تان له‌ بازاڕه‌كانی كوردستان

شیلان بیبانی

 

داهاتی خۆی یا تاکی بریتیە لەو بڕە پارەیەی لە ئەنجامی کارێک یا قازانجیک بە دەستی دەکەوێت ، مارگریت تاتشەر کە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی حزبی پاریزگارانی بەریتانیا بوو فەلسەفەیەکی داڕشت بە ناوی تاتشریە ناوبرا کە باسی لەوە دەکرد تایبەتمەندی و ئاستەنکگراوەکان بناغەی تاکن لە رووی کۆمەلایەتی و ئابورییەوە و شتێک نییە بە ناوی کومەڵگا بەلکو دەبێت پشت بە داهاتی تاکی ببەسترێت ، هەروەها زۆر لەسەر مەسەلەی مافی ئافرەت کاری کردووە ، کەواتە بە پێ ئەو فەلسەفەیە داهاتی تاکی زۆر گرنگە و داهاتیش لە ئەنجامی کارکردن پەیدا دەبێت، جا ئەگەرئەو داهاتە بۆ ئافرەت بێت ئەوا متمانە بە خۆبوون لە لایەک و پشت نەبەستن لە لایەکی ترەوە دەگرێتە خۆ و هەروەها توانای ئافرەتەکەش زیاددەکات ، لە کۆبونەوەی جی بیست کە گەورەترین کۆبونەوەی جیهانی وڵاتانە لەسەر ئابوری ئەو تەوەرەی باسی لێ کرا بریتی بوو لە ئاسانکاری و هاوکاریکردنی ئافرەتان بۆ کارکردنیان بە شێوەیەک کە پلان بۆ ساڵی 2025 بە رێژەی %25 زیاد بکات واتە 100 ملیون ئافرەت هەلی کارکردنی بۆ برەخسێت و بەشدار بێت لە داهاتوودا ، هەڵبەتە ئەو باس و لێکدانەوانە گرنگی بەشداری ئافرەت زیاد دەکات لە کارکردن و ئەمەش پیویستی بە هاوکاری و یارمەتییە ، ئەوەی جێگەی ئاماژە پێکردنە لە کۆمەڵگای پیاو سالاری ئەگەر ئافرەتێک بێ داهات بێت ئەوا دەکەوێتە ژێر رەحمەتی پیاوەکان جا چ برا یا هاوسەر یا هەر کەسێکی نزیکی بێت بەمەش بێدەسەڵاتی باڵی بەسەردا دەکێشیت و ناتوانیت هیچ هەڵویستیکی هەبێت، لە سەرەنجامدا توندو تیژی و زوڵم و زۆر گرفتی گەورە بەرۆکی ئافرەتەکان دەگرێت . لە لایەکێ ترەوە کارکردنی ئافرەت جگە لە بەرژەوەندی خۆی قازانجی دارایی بۆ خێزانەکەی دەبێت ، بەلام بەربەستە ئابورییەکان و کاردانەوەیان لەسەر بژیوی ژیانی تاکەکان بە گشتی و ئافرەتان بە تایبەتی وایکردوە کە هەلی کارکردنی ئافرەتان سنووردار بیت ، لە کوردستاندا باری ئابوری خێزان وا دەخوازیت ئافرەت و پیاوان شانبەشانی یەک کاربکەن ، هەر بەم پییەش ژمارەیەکی زۆری ئافرەتان کاردەکەن ، بەڵام لێرەدا گرفتیک دێتە بەردەم ئەم رەگەزە ئەویش ئەوەیە تەنها پیاوان سەربەستی تەواویان لە هەڵبژاردنی کارەکاندا هەیە ، ئەگەر بە تەنها یەک لاپەڕە لە پەرتوکی ئابوری ئافرەتان هەڵبدەینەوەو باس لەیەک بوار بکەێن ، بۆ نمونە کارەکانی بازاڕ و کڕین و فرۆشتن نزیکەی %95 پیاوانن لە جیهاندا لە رووی ستاندەریشەوە ئافرەتان بە رێژەی نزیکەی %70 کراونەتە قاڵبی هەژارییەوە ، بەو پییەی لە سەرژمێری جیهانی بێکاری نزیکەی 1.2بلیون کەس ئەم رەگەزەن ، کەواتە بە نەبوونی دەرفەتی کار بۆ ئافرەتان دەستی کارکردن زۆر کەمدەبێتەوە و بەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر هیڵی گەشەی ئابوری، هەموو ئەمانە مەترسی زیاتری وەبەرهێنان بە ئافرەتان زیاد دەکات پێویستە حکومەت هەوڵی جدی بدات لە تەشەنەنەسەندنی ئەم دیاردەیە ،
ئافرەتان لە بازارەکانی کوردستان سەربەرزانە کارەکانیان دەکەن هەریەک لەوان سەرقالی کارەکانی خۆیانن بێ گوێدانە کەلتور ویا هێچ بەربەستیک بەلام زیاتر لە مۆڵەکان و کافتریا مودێرنەکان و ئارایشتگا و بەرگدروی تایبەت بە ئافرەتان کاردەکەن ، واتە ئەوەی تێبینی دەکرێت هەلی کارکردن لە بازارەکاندا بۆ ئافرەتان تەنها لە موڵ و ئەو شوێنانەن کە تێدا چاوێری کامێرا و سیکیورتی هەیە . زۆربەی ئافرەتان و بگرە پیاوانیش بیرورایان وایە کە هەندێک کەلوپەلی ئافرەتان باشتر وایە لە فرۆشیاری ئافرەت بکردرێت ، کەواتە لێرەدا بۆمان روون دەبێتەوەنەبوونی ئافرەتان لە بازارەگشتیەکاندا دوچاری دروستبوونی گرفت بووە بۆ ئافرەتان ، بە مانایەکی دی جار هەبووە پێداویستیەکی ئافرەتان لەوانەیە بە نرخێکی زیاتر لەمولەکان بە بەراوورد بە بازارەگشتیەکان بکردریت لە پێناو ئەوەی کە فرۆشیارەکە ئافرەتانن ، تەنانەت پیاوانیش بەشەرمەوە ناتوانن لە بازاڕەگشتیەکان کالای تایبەت بۆ خێزانەکانیان بکڕن هەر هەمان پیاوان لە دەرەوەی ولات لە فرۆشیاری ئافرەتان هەموو کالایەکی ئافرەتان دەکرن و بە دیاری بۆ خیزانەکانیان دەیهیننەوە ، کەواتە داب و نەریت و کەلتوری ولاتەکان دەسەلاتی تەواوەتیان لەسەر کونترۆلکردنی بازارکردن هەیە تەنانەت کارکردنی بازارەکانیش.
هەرچەندە رێژەی ئافرەتانی باکورو رۆژهەلات و رۆژئاوای کوردستان و هەروەها بیانیش زیاتر بەدێ دەکرێت لە بازاڕەکاندا بەهۆکاری ئەوەی لە ژینگەی ولاتەکانی تورکیاو ئێران و سوریا کارکردنی ئافرەتان لە نیو بازارەکان شتێکی زۆر ئاساییە ، بۆیە ئەتوانین بڵین کردنەوەی دەرگای کارکردنی ئافرەتان لە بازاڕەکان بۆ دەست پێشخەری ئەوان دەگەرێتەوە ، و خۆشبەختانە لە ئیستادا ئافرەتانی باشوری کوردستان ئەو تەوقەیان شکاند و تا رادەیەک بوونیان هەیە لە کارکردنی بازاڕەکاندا ، ئەوەی تێبینی دەکرێت زیاتر کورد میللەتێکی چاولێکەرە زۆرجار داب و نەریت گۆرانکاری بەسەردا دێت بە نمونەی کارکردنی ئافرەتان لە بازاڕەکان ، لەوانەیە بۆ ساڵەکانی داهاتوو بازاڕەگشتیەکانیش ژمارەی کارکردنی ئافرەتان زیاد بکات ،بەتایبەتی کە ئافرەتان ئامادەن لە بازاڕە گشتیەکان کاربکەن بەلام بەمەرجێک کۆمەڵگا ئاسانکاریان بۆ بکات، واتە تەنها هەنگاونانی ئافرەتان بەرەو بازارەکان دەرفەتی کارکردنیان بۆ دەرەخسینیت ، و داواکاری ئەوان دانانی کامیرای پیویست و کۆنترولکردنی ئەو بازاڕە گشتیانە وەک مۆلەکان ، کەواتە ئەرکی حکومەت و رێکخراوە مەدەنیەکان و کەرتی پەروەردە رێنماییکردنی ئافرەتانە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو ترسە و هەنگاونانیان بۆ کارەکانی بازاڕ ئەمانە جگە لەوەی کە هەوڵبدرێن لە رووی ماددیەوە وەک قەرز یا پرۆژەی بچوک هاوکاری ئەو ئافرەتانە بکرێت کە ئامادەباشیان هەیە بۆ کارکردن لە بازاڕەکان ، و هیچ کات نە ئاین و نە ئەقڵ رێگر نەبووە لە کارکردنی سەربەرزانە تەنها هەندێک بیرتەسکی و داب و نەرێتی دواکەوتوو ئاستەنگی بۆ ئەم دیاریدەیە دروست کردوە .

Show More

Related Articles

error: كليكى لاي راست لە كارخراوە !!
Close