ژنان، ئەم ڕینماییانەی پزیشك لەبارەی جوانی ڕوخسارەوە پەیڕەو بكەن

لاڤە كوردە

 

خانمان لە دێر زەمانەوە هەمیشە بەدوای ئەوە گەڕاون چۆن بتوانن ڕوخساریان بە گەنجی وجوانی بهێڵنەوە چ لەڕێی ماسك یاخود مەرهەم وگیراوەی تایبەت بە پێست ، بەڵام ڕەنگە هەندی بابەت یاخود كەرستە كە بەكاری دهێنن بە گرنگی ئەوە نەبێت كە چی دەخۆن ، یاخود چەن دەخەون وورزش دەكەن یا نا ؟
لو بارەیەوە دكتۆر (كامەران رەسوڵ ژاژڵەیی) پسپۆڕی زانستی خۆراك ونەشتەرگەری گشتی دەڵێت ، ئەم هەنگاوانە زۆر گرنگن لە پێناوی پێستێكی گەش و جوان و مانەوەی بە گەنجی ، هەروەها بۆباشكردنی تەندروستی دڵ و كۆنتڕۆڵ كردنی كێش و كەمكردنەوەی ئەگەری تووش بوون بە زۆربەی نەخۆشییەكان :
۱ــ وەرزش : كاریگەری لە سەر تێكڕای جەستە هەیە چونكە شانەكانی دڵ باشتر كار دەكەن و بۆریەكانی خوێن بە شێوەیەكی تەندروست و نەرم و گەنج ئەهێڵیتەوە، بۆیە خوێن بە ئاستی پێویست ئەگاتە پێست ، هەروەها وەرزش ڕێژەی سوتانی وزە لە لایەن خانەكانەوە چالاك ئەكات و یارمەتی كردنە دەرەوەی مادە ژەهراویەكان ئەدات سەرئەنجام ڕێگە ئەگرێت لە كۆبوونەوەی چەوری و دروست بوونی زیپكە و خاڵ و چرچ و لۆچی ۰

۲ــ خەوتن : خەو دەبێتە هۆی ڕزگار بوونی لەش لە فشار و هیلاكی ڕۆژانە كاتی نوێكردنەوەی شانەكان و كۆكردنەوەی وزەیە ، شەوانە هۆرمۆنی گەشە دروست دەبێت كە یارمەتی چاكردنەوەی هەموو خانەكان ئەدات لەوانە پێست ، هەروەها لە كاتی خەودا چالاكی خانەكانی پێست زیاد دەكات و پڕۆسەی لەناوبردنی خانەكانی پێست دەوەستێنێت كە بە ڕۆژ ڕوو ئەدات،۰ شەوانە پێویستە مرۆڤی سەروو ۱۸ ساڵ ( ٦ ـ ۸ ) سەعات بخەوێت و بە ڕۆژ ئەگەر بتوانێت كەمتر لە نیو كاژێر بخەوێت دوای نیوەڕۆ.
۳ــ خۆراك : خۆراك كەرستەكانی لەشن بۆ پێكهێنانی وزە و خانە و گەشە و تازەكردنەوەیان ، خۆراكە ڕووەكیەكان سەرچاوەیەكی تەندروستن بۆ وزە و ماددە خۆراكیە پێویستەكان وەك ڤیتامین و كانزا هەمەجۆرەكان ،بۆیە بە دەستهێنانی خواردنی تەندروست و باش هەنگاوێكی بنەڕەتیە تا خانەكانی پێست و لەش ئەركەكانی خۆیان چالاكانە ئەنجام بدەن.
دكتۆر كامەران وتیشی: كۆمەڵێك خۆراكی گرنگ بۆ پێستێكی گەش و جوان و مانەوەی بە گەنجی پێویستە كە ئەمانەن :
ـ شووتی
ـ تەماتە
ـ شلیك و تووتڕك
ـ مزرەمەنیەكان
ـ زەیتی زەیتوون و زەیتی كەتان
ـ بیبەر بە تایبەت بیبەری سوور ، هەروەها بیبەری توون
ـ گێزەر
ــ پەتاتەی شیرین و سێوی بن ئەرز
ــ برۆكلی و سپێناخ و كەلەرم و قەڕنابیت
ــ دانەوێڵەكان بە مەرجێك توێكڵەكانی پێوە مابێت وەك ئاردی بۆر ، برنجی بۆر ، گەنمە كوتاو
ــ گوڵە بەڕۆژە بەمەرجێك ئەو كەسە پێستی چەور نەبێت و زیپكەی نەبێت و ڕۆژانە یەك پیاڵە زیاتر نەخوات
ــ سێو و ئەڤۆگادۆ
ــ ماسی سەلەمون
ــ گوێز و بادەم و فستق
ـ بە نیسبەت تەمەنەوە مرۆڤەكان لە هەموو تەمەنێك دا پێویستە ڕۆژانە ۳ ژەمی سەرەكی بخۆن و مەرجە نانی بەیانی پێش سەعات هەشت و نیو خورا بێت و هەوڵ بدرێت كاتی ژەمەكان جێگیر بێت هەروەها ڕۆژانە ۲ــ۳ جار میوە و سەوزە بخورێت و ۸ــ۱۲ پەرداخ ئاو بخورێتەوە كە بە پێی پلەی گەرما وەرز و كێش و تەمەنی مرۆڤەكە ئەگۆڕێت.
ئەو كەسانەی سەروو ٤۰ ساڵن دەبێت خواردنەكانیان كەم خوێ بێت و لە خواردنی چەور و شیرینی دوور بكەونەوە یان كەمی بكەنەوە ، كەسانی بە ساڵاچوو پێویستە ئەو خۆراكانەی دەوڵەمەندن بە ڤیتامین دی و كالسێوم و ئۆمێگا سێ وڕیشاڵ و ماددە دژە ئۆكسیدەكان بە ڕێژەی زیاتر بخۆن.

Show More

Related Articles

error: كليكى لاي راست لە كارخراوە !!
Close