عیراقی بێ ژن !

شنۆ عوسمان

ساڵی 2005 لەدیدارێكدا چومسكی لەبارەی عێراقەوەدەڵێت :”بەڵێ سەدام دیكتاتۆربوە ،بەڵام لەدوای كەوتنی بەعسەوە ترسی گەورە ئەوەیە عێراق بەرەو وڵاتێك دەچێت كە وتاری دینی ومەزهەبی زاڵبێت بەسەریدا،كاتێكیش ئەم وتارە زاڵبیت ،نەك دیموكراسی ناتوانیت دابمەزرێت بەڵكو مانای مرۆڤیش دەكەوێتە ژێر مەترسییەوە” .
ساڵەكان تئپەڕدەبن و عێراق تائێستاش ئەوەندەی وڵاتێكە مۆركێكی دینی ومەزهەبی پێوەیە ئەوەندە نەبووەتە وڵاتێك تێیدا ماناكانی هاوڵاتیبوون بەرقەرابێت ،عێراق چونكە لەدامەزرانه وە وڵاتێك بوە بەكەتیرەیەكی هەڵە و. دابەشكردنێكی بێ بەرنامە ئەم هەموو پێكهاتەیە نراوە بەیەكەوە بۆیە تا كۆتایی عێراق چیرۆكی بەزەلكاوبوونی ئەم وڵاتە هەربەردەوام دەبێت .بۆیە لە وڵاتێكی وەك عێراقدا ئەستمە بپرسین ئایندەی ژن چی بەسەردێت؟نەك دەبێتە گوناه بەڵكو دەبێتە كفریش ئەگەر بڵێن كەی ژنێك دەبینن لەپۆستێكی هەستیار وگەورەدا لە عێراقدا خاوەن رۆڵبێت؟كەواتە ژن لەم كۆمەڵگا سیاسییەی عێراق وبەتایبەت لەناو پۆستە هەستیارەكاندا لە قۆناغی تەوا پەراوێزدایە ،نەبووەتە خاوەن پێگەی گەورە .رەنگە بوترێت ژنان لە پەرلەمانن یان. هەندێك وەزارەت بەژن پڕدەكرێنەوە ،بەڵام بونی ژن لە پەرلەمان یان بونی ژن لە وەزارەتێكی ئاسایی نیشانەی ئەوەنییە كە رێی بە ئافرەت دراوە بێیتە ناوكایەی بەڕێوەبردنی وڵات .ئەو كاتە دەتوانرێت بوترێت كە ئافرەت پێگەی هەیە ،كە لەپۆستی هەستیار وبڕیاردەردا ببینرێت .ئایا ژنێك نییە شایستەی جێگری سەرۆكۆماربێت ؟یان شایستەی جێگری پەرلەمان ووەزیری دەرەوە یان دارایی عێراق بێت ؟حیكمەت چییە پیاوەكانمان لەدوای ئەو هەموو شكستە كە دەیهنن لە ژیانی سیاسیی وئیداریدا كەچی هەرناویان بیتەوە ناوان ،بەڵام ژنەكان كەمترتێوەگلاوون لە گەندەڵیی وخراپ بەڕێوەبردن كەچی نەك باسناكرێن ،بەڵكو پۆستی هەستیار پێیان رەوا نابینرێت .رەنگە هۆكارەی ئاسان بدۆزرێیتەوە ئەوەش ئەوەیە ئێمە لە عێراقیدا دەژین شیعە حكوم دەكات و سوننە بیركردنەوەی دینی داگیركردووین وكوردیش لاساییان. دەكاتەوە .ئەم رستەیە با زیاتر رونتر وئاسانتربكەینەوە .
بۆ ئافرەت بێ رۆڵە ؟بۆ رێ نادرێت ئافرەتێك بیتە پێشەوە ؟چ بەربەستێك هەیە لەوەی ئافرەت لە هەرەمی دەسەڵاتی عێراقدا ببینریت؟هۆكارەكەی تەنها دینە یان ئەو بیركردنەوە عەشایرە داخراوەیە كە عێراق پێوەی دەناڵێنیت ؟ یان نەخێر ئافرەتی بوێر و چالاكمان نییە بتوانێت لەئاست پۆستی باڵادا بێت؟ئەگەر شیعەكان و حزبە مەزهەبییەكانی شیعە وابیربكەنەوە كە ئافرەت بەڵایە وبۆی نییە لوتكەی دەسەڵات ببینێت،باشە ئەی حزبە كوردەكان بۆ ئەو بیركردنەوەیە ناشكێنن ،ئایا بۆیان نییە ،یان ئەمانیش حەزناكەن ئافرەت بخەنە سەر كورسی دەسەڵاتە گەورەكان لە عێراق ؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە لەهەموو روویەكەوە وەڵامبدرێیتەوە،یەك رستە هەڵدەگرێت :عێراق وڵاتی بێ ژنە ئەوەی هەر حسابی بۆ نەكرێت ئافرەتانە .
دورخستنەوەی ژن لە ناوەندی بڕیار ئەگەر ئارەزوویەكی شیعە بێت و لەگەڵیدا هێزە ئیسلامییەكانی سوننەش هاوڕابن،بەواتایەك هەردوو بیركردنەوەكە تا ئێستا هەمان فەتوای ئیبنبازیان. لاپەسەندە كاتێك فەتوای دا نابێت هیچ بەرپرسیارێیتییەك بدرێت ئافرەت .كەواتە حزبەشیعەكان(كە سەرجەمیان دینین ومەزهەبین )،حزبە سونییەكانیش (كە ئەوانیش شێوەیەك لە تایفیان پێوەیە )كۆكن لەسەر وەدەرنانی ئافرەت بۆ دەرەوەی پۆستی هەستیار .بەڵام پرسیارەكە لەسەر حزبە كوردییەكانە .ئایا بۆ ئەمان شێكینەری ئەو بیركردنەوە نابن ،ئایا ئافرەتێك لە كورددا نییە شایستەی پۆستی هەستیا ر و سەرەكبیت لە عێراقدا .بۆ پارتی وپاشان یەكێتی وەك دوو هێز كەخاوەنی نزیكەی43 كورسین لەناو پەرلەمانی عێراق بۆ عورفی پەراوێزخستنی ئافرەت لە عێراق ناشكێنن ،چی دەبێت لە پۆستی هەستیار ومەركەزیدا حزبە كوردییەكان ئافرەت كاندید بكەن،چی دەبێت ناوی چەند ئافرەتێك بهێنرێت لەناو كێبڕكی بۆ پۆستەكان .بۆ حزبە كوردییەكان. ناتوانن هەنگاوێكی بوێرانە بنێن و ئافرەت كاندید بكەن بۆ پۆستە سەنتەر و خاوەن قورساییەكان .ئایا دەترسن لە پەرچەكرداری شیعە یان ئەوانیش بە جۆرێك لە جۆرەكان باوەڕییان بەوە نییە ئافرەت لەناو جوڵەی سیاسیی گەوردا ببنرێت .كەواتە عێراقی خۆشەویست لە زاخۆیەوە بۆ فاو یەك بیركردنەوە بەرامبەر ئافرەتەكانمان پراكتیزە دەكات ،ئەوەش ناكرێت هێزی گەورە بدرێت بە ئافرەت چونكە ناقس عەقڵ وحزبە .
با كەمێكیش تیرەكان ئاڕاستەی خۆمان بكەین ،با هەرنەڵێن پیاوان رێگرن ،ئایا ئەی خۆمان چیمان پێدەكرێت؟
ئەو قسەیە راست ودروستە ئەگەر لە عێراقدا وتەنانەت لە كوردستانیش ئافرەت وژن دەنگ بدەن بە كاندیدە ژنەكان ئەوا پیاو بەكۆتا دەچێیتە پەرلەمانەوە .بەواتایەكی تر ئەگەر هەر ئافرەتێك بڕیاربدات دەنگ بدات بە ئافرەتێك ئەوا ئەو كاتە منەتی كۆتای ژنان و منەتی ئەو رستەی پیاوان هەڵناگرین. كە ئافرەتەكان لەسەر كورسی سەدەقەی پیاوان دانیشتوون.
لەدوای راپەرینەوە ئەوەندەی بەدەنگی ژن پیاوان سەركەوت. ئەوەندە دەنگی ژن نەچوو بۆلای رەگەزەكەی خۆی ،هەر بۆیە هەموو هەڵبژاردنێك ئافرەت دەبێت چاوەڕیی یاسای كۆتابێت تا چەند ناوێك بخرێتە ناو پەرلەمانەوە ،ئەم كۆتایەش وادەكات كە هەیبەتی ژن لەناوەندی بڕیار كەمبكاتەوە و نەیگەینێت بە دەسەڵاتە قورسەكان .

Show More

Related Articles

error: كليكى لاي راست لە كارخراوە !!
Close